|
پیرۆزبێت ڕۆژی ١ ئایار |
|
2021-04-30 19:00 |
فیدراسیۆنی كۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید |
info@fkks.se |
|
ئەمڕۆ جەژنی کرێکاران و کاسبکارانە لە هەموو جیهان ، کرێکاران هەم وەک جەژن و هەم وەک سیمبۆلی تێکۆشان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن . لە یەکی ئایاردا کرێکاران کۆبوونەوەی جەماوەری و ڕێپێوان بۆ مافە دیموکراتیەکانیان ئەنجام دەدەن .
سەرەتای ئەمڕۆژە بۆ سەدەی نۆزدەم دەگەڕێتەوە کاتێک کرێکارانی ویلایەتی شیکاگۆی ئەمەریکا لەساڵی 1886 داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان کرد بۆ هەشت کاتژمێر لەڕۆژێکدا ، دواتر ئەو داوایە لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنا و تۆرنتۆی کەنەدا ، کرێکاران داوای هاوشێوەیان بەرز کردەوە و دواتریش نەتەوە یەکگرتوەکان یەکی ئایاری هەرساڵێکیان بە ڕۆژی کرێکاران ناساند .
یەکی ئایار لە زۆر وڵات لە لایەن سەندیکاکانی کرێکاران و پارت و ڕێکخراوی کرێکاران پیرۆز دەکرێت . لە زۆر دەوڵەتی ستەمکار و فاشیستدا ڕێپێوانەکانی 1ی ئایار خوێناوین ، یەکێک لەو وڵاتانەش تورکیایە ، حکومەتی ئاکەپە و هاوکارەکەی مەهەپە هیچ مافە مرۆیی و دیموکراسییەکانی لە تورکیا و کوردستاندا نەهێشتوە هەر کەسێک دژایەتی دەوڵەت بکات یا داوای مافی خۆی بکات بە دوژمنی دەوڵەت هەژمار دەکرێت ، سیاسەتی داگیرکاری دەیەوێت پرسی کورد لە ڕێگەی توندوتیژیەوە چارەسەر بکات ، بەبێ ڕەزامەندی ئەردۆگان دادگا ناتوانێت بڕیاری سەربەخۆ بدات . لە بری سیاسەتی دیموکراتیک سیاسەتی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن و سەربازیزم بەكاردێنێ ، میدیاکانی تورکیای بە دیلگیراو لەمیانەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستیەوە دوژمنایەتی کورد دەکەن ، بە و پێیەی کە پەکەکە لە باشووری کوردستان بوونی هەیە ، تورکیا هەموو ڕۆژێک باشوور تۆپباران دەکات ، بە هۆیەوە سەدان گوندی سەر سنووری کوردستان چۆڵکراون و چەندین هاووڵاتی سڤیلیش لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە شەهید بوون .
بێگومان هەموومان باش دەزانین کە پەکەکە تاکە بیانووە بۆ تورکیا . بە تورکیا بەبیانووی بوونی پەکەکە لەباشووری کوردستان ، دەیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت و خاکی باشوور داگیر بکات . هەروەکو چۆن بەشێک لە عەفرینی ڕۆژئاوا و سەرێ کانی داگیر کردووە ، هەربەو شێوەیە سەروەری هەرێمی باشووری کوردستان پێشێل دەکات .
کردەوەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کەمتر نییە لە کردەوەکانی تورکیا . نەک هەر مافی کرێکاران بەڵکو لە ئێران شتێک وەک مافی مرۆڤ بوونی نییە . ستەمکارانە دژ بە ئازادی گەلی کورد و بەلوجیەکان هەڵسوکەوت دەکات . ئێران هیچ کات نەیویستووە و ناخوازێ کورد لە دەرەوەی " سنوورەکانی " خۆی ، باری دیموکراتیکی هەبێت . هەمیشە هەڕەشەی شکاندنی ئاسایشی باشووری کوردستان دەکات . هێزی سیاسی و سەربازی خۆی لە عێراق وەک " حەشدی شەعبی " دامەزراندووە و بەم شێوەیە سیاسەتی داگیرکاری خۆی لە عێراقدا پەیڕەو دەکات .
جێگای شانازییە کە لە باشووری کوردستان تەنانەت لە بارودۆخی زۆر سەختدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەتوانن بە شێوەی دیموکراسیانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن .
بێگومان لە بارودۆخێکی وادا ، پێویستە کورد ئەمڕۆ لە هەموو کاتێ زیاتر گرنگی بە یەکڕیزی نێو ماڵی خۆی بدات . ئاشکرایە تا کورد یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی بەدی نەهێنێت ، تا کورد خاوەن پایەیەکی دیموکراتی نەبێت ، کرێکارانی کوردستان لە ستەم ڕزگاریان نابێت .
دووبارە یەکی ئایار لە کرێکارانی کوردستان بەتایبەتی و کرێکارانی جیهان بە گشتی پیرۆزبێت
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید
|
|