|
پاراستنی پرۆسەی دیموکراتی ئەرکی هەموومانە |
|
2011-02-01 22:00 |
Fkks |
info@fkks.se |
|
لەئەنجامی ساڵەهای ساڵ تێکۆشان و خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان ، لە هەڵبژاردنێکی گشتی و ئازادا ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و حکوومەتی کوردستان هاتە دامەزراندن ، بۆیە دەبێ ئەنجامی هەڵبژاردن قبووڵ بکەین ، بەپێ ی بنەماکانی دیموکراسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان لەڕێگای هەڵبژاردنەوە هەڵبژێردراون و هەر لەڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازادیشەوە دەتوانرێ بگۆڕدرێن ، نەوەک بەشێوازێکی دیکە لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکان و ئاشتی و ئارامی وڵات و بەرژەوەندی گشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی کوردستان ، دەبێ هەموو لایەک پەیڕەوی پرێنسیبەکانی دیموکراسی بکەن و پابەندی یاسا بن . لەو بیست ساڵەی دواییەدا باشووری کوردستان هەنگاوی مەزن و گرنگی لە بوارەکانی دیموکراسی و ئازادیدا هاویشتوە ، بۆ نموونە ، سەرۆکی کوردستان لەڕێگای گەلەوە هاتۆتە هەڵبژاردن ، ئەمەش نموونەیەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . کورد خەونی بەو ڕۆژەوە دەبینی کە لە وڵاتی خۆیدا و بەئازادی سەرۆکی خۆی و پەرلەمانی خۆی هەڵبژێرێ و حکوومەتێکی کوردی دامەزرێنێ ، بۆیە پێویستە ئێمە لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا شانازی بەو دەسکەوتانە بکەین و بیان پارێزین . گەلەکەمان بۆ هێنانەدی ئەو دەسکەوتانە گەلێ قوربانی داوە ، ئەرکی ئێمەیە کە خۆمان بە بەرپرسیاریەتی بزانین و کوردستان نەخەینە بەر هیچ مەترسیەک و هەڵدێرێک ، ئێمە هەموو بەیەکەوە و بە یەکگرتوویی کار بۆ بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلەکەمان بکەین ، ئەو دەزگایانەی کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە هەڵبژێردراون بیان پارێزین ، حەز و خواستەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و یەکسان بەکار بهێنین . هەر لەمڕوانگانەوە ، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لەسوید ، پشتگیری لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان دەکات ، لەسەر هەر کوردێکە کە ئەو دەسکەوتانە بپارێزێ .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید 1 / 2 / 2011
ئەم دۆكومەنت PDF |
|