|
کۆبوونەوەی گشتی بۆ ڕاوێژ لەسەر ڕەوشی کۆمەڵە، هەروەها سیمینار لەسەر پلانی نوێی خوێندن لە سوید کە بەڕێز ڕەشید ئازاروو گێڕای... |
|
2011-11-20 22:00 |
جوتیار شریف |
jotiarsharif@fkks.se |
|
بەپێی پلانی پێشتر بڕیاردراو، ئەمڕۆ ١٣/ ١١/ ٢٠١١ کۆڕێک سازکرا بە سەرپەرشتی بەرپرسی کۆمیتەی کارگێڕ بەڕێز فیرات نەمروودو سێ لە ئەندامانی کۆمیتە، بەڕێزان ئەمیر بەکر، کاوە ئەحمەدی، هێدی گۆمەییو خاتو شەرافەت قاسمپوور. هەروەها کارمەندی نوێی کۆمەڵە بەڕێز سەعید شابۆ. لە بەرانبەردا ژمارەیەکی کەم لە کوردستانییانی شاری ئێسکلیستوونا ئامادەبوون.
سەرەتا سەرۆکی کۆمیتە، پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان وتەیەکی پێشکەشکرد لەمەڕ لاوازی باری ڕێکخستنو ئاوڕنەدانەوەی کوردستانییانی شارەکە لە کۆمەڵەو بەدەنگەوە نەچوونی ڕاگەیاندنو بانگەوازەکانی. ئەو پێیداگرت لەسەر ئەوەی بکۆشین هانی کوردستانییان بدەین بۆ گەیاندنی گلەو گازندە لە ڕەخنەی بەجێ یان پێشنیار بۆ سەرلەنوێ خورتکردنەوەی ڕێکخستنو بتەوکردنی پەیوەندی لەنێوان خودی تاکەکانی کوردستانییان، بەتایبەتی لەمکاتەدا کە دوو کارمەند (ئەمیر بەکرو سەعید شابۆ) بە هاوکاری مووچەیی لەلایەن Arbetsförmedlingـەوە دانەزراون هەروەها دوو کارمەند لە قۆناغی دامەزراندان لەلایەن پرۆژەی Fas 3 وە و بڕیارە دوو کەسی تریش دامەزرێن، واتە ژمارەی دامەزراوان دەگەنە شەش کەس بەو ئامانجەی بتوانن پەرە بە کارو چالاکیی بواری ژنانومنداڵان بەتایبەتیو بتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەگشتی لەنێو خودی کوردستانییان لەلایەکو پەیوەندی کوردستانییان لەگەڵ کۆمەڵانی تری شار. هەروەها ئاسایی بوونی پەیوەندی نێوان دایکو باوکانی منداڵانی خوێندکار لەگەڵ خوێندنگاکان بەشێکی گرنگی تەوەرەکە بوو. پاشان مامۆستا ڕەشید ئازاروو شێوە پلانی خوێندنی نوێی وڵاتی سویدی بە خەستی لەگەڵ نمایشی سلایددا بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە. هەروەها بەڵێنی دا بەوەی لەکۆبوونەوەیەکی تری فراوندا بەتێرو تەسەڵی ئەو پلانە بۆ کۆردستانییان شێکاتەوە. ئەنجامی پرسوڕاو ڕاوێژ لەگەڵ ئامادەبووان ئەو خاڵانەی خوارەوە بوو... ١ــ هەرکەس لەلای خۆیەوە بکۆشێت بۆ هاندانی کوردستانییانی شار تا ئامادەی کۆڕو کۆبوونەوە گشتییەکان ببن کە بێگومان لەبەر خۆشگوزەرانی ئەوان خودی ئەوانو سوودبەخش دەبن بۆ نەوەکانیان. ٢ـ بەگشتی بکۆشین بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی ئەو گلەو گازندانەی لەسەر کۆمەڵە بڵادەبێتەوەو گێرانەوەی باوەڕی ئەندامانی کۆمەڵگەکە بە کۆمەڵەکەیان. ٣ـ هەروەک لە دەستووری کۆمەڵەدا هاتووە، پێویستە کۆمەڵە لەباری ئاینیو ڕامیارییەوە بێلایەنی خۆی ڕاگرێت. هاوکات بۆ گشت پارتو لایەنو کۆمیتەی تری کوردستانی هەیە لۆکاڵی کۆمەڵە بەکارهێنن بۆ چالاکیو کۆبوونەوەی تایبەت بەخۆ، ئەویش بە پلانو ئاگاداریی پێشکات. ٤ـ گواستنەوەی لۆکاڵەکە بۆ شوێنێکی گونجاوتر لەم لۆکاڵە کە لەوانەیە کۆدی دەرگای سەرەکیو ئاستتەنگی لە جۆری هاتنە ژوورەوە بووبێتە هۆ بۆ سەرنەدانی میوانی ڕۆژانە. ٥ـ بانگکردنی مامۆستایانی کوردستانی بۆ کۆڕی ڕاوێژ لەمەڕ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ نزیککردنەوە بەخێوکاری خوێندکاران لە خوێندنگەو بەرپرسانی. ٦ـ هاندانی کۆمەڵگەی کوردستانی شار بۆ ئامادەبوون لە شەوچەرەی خێزانییەکانی کۆمەڵە دەیانگێڕێت. ٧ـ کۆکردنەوەی زانیاری کەسێتیو ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵیان (بە نامەی SMS یان e-mail) هەروەها نمرەی تەلەفۆنی ماڵ یان مۆبایل. ٨ـ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی بەبەهرەی کولتووریو هونەری لەپێناو برەودان بە بەهرەی خۆیانو سوود گەیاندن بە نەوەی داهاتوومان تا ببنە هۆی پاراستنی کولتووری نەتەوەییمان لەنێو نەوەی نوێدا. ٩ـ بڕیارە شەرافەت خانم لەگە خوشکان ساهیرەو سۆزان بکۆشن لەبواری کولتووریو باری کۆمەڵایەتیدا برەو بدەن بە چالاکی ژنو منداڵان، باری ئابووری دەکەوێتە سەر پرۆژەی باوان کە لەمڕۆدا دارای نزیکەی ١٥،٠٠٠ کرۆنەو بڕی پێشنیارکراو بۆ ساڵی ئایندە لەسنووری ٥٠،٠٠٠ کرۆندا دەبێت ئەویش پاش نیشاندانی پسووڵەی خەرج.
پاش ماڵئاواییکردنی میوانەکان، ئەندامانی کۆمیتەی کارگێڕ تاوێک دانیشت پاش ڕاوێژ بڕیاریاندا... ١ـ کاکە کاوە ئەحمەدی پەیوەندی دەگرێت لەگەڵ ڕێزدار ئەمیری قازی بۆ سازکردنی سیمینارێ لە ڕۆژی ٢٦ یان ٢٧ی نۆڤەمبەر لە هۆڵی ABF لەمەڕ هەندێک بواری کۆمەڵایەتیو ڕامیاری نێو کۆمەڵگەی کوردستانیی لە وڵاتی سوید بەتایبەتیو تاڕاوگە بەشێوەی گشتی، چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێزیان دەبین. ٢ـ ڕۆژی ٦/ ١٢/ ٢٠١١ نوێنەر لە Invandrarrådet لە کۆموونی ئێسکلیستووناوە دێن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمیتەی کارگێری کۆمەڵە لە خودی لۆکاڵی کۆمەڵە. ٣ـ ڕۆژی شەممە ١٠/ ١٢/ ٢٠١١ کاژمێر ١٣.٠٠ دیاریکرا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید. ٤ـ بەڕێز حاکم کاوە لە ئۆپسالاوە دێت بۆ گێڕانی سیمینارێک لە هۆڵی ABF Eskilstuna ڕۆژی ١٧/ ١٢/ ٢٠١١ کاژمێر ١٣.٠٠ تا ١٥.٠٠ لەمەڕ هەندێک باری یاسایی پەیوەست بە کۆمەڵگەی کوردستانیمان لەم وڵاتەو وڵامدانەوەی پرسە یاساییەکانی ئامادەبووان.
کۆمیتەی کارگێڕ کۆمەڵەی کوردستانی لە ئێسکلیستوونا
|
|