Skip Navigation Links
Kurmancî
سۆرانی
Svenska
Skip Navigation Links
دەستپێك
ف ک ک س
هه‌واڵ
ڤئدیۆ - فۆتۆ
کۆمه‌ ڵه‌کانی ئه‌ندام
پێوەندی
لینک
ئه‌رشیڤ
Skip Navigation Links
 
هێرشەكانی پەكەكە بۆسەر باشوری كوردستان ، خزمەت بە كوردستان ناكات
2020-11-05 21:00
فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید
info@fkks.se
هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر باشووری کوردستان  خزمەت بەکوردستان ناکات   گەلی کورد لە باشووری کوردستان دوای سەدان ساڵ خەبات و تێکۆشان و دەیان هەزار شەهیدی سەربەرزی کوردستان ، ئەم دەسکەوتەی ئەمڕۆیان بەدەست هێناوە ، باشوور کوردستان لەساڵی 2005 ەوە بەپێی دەستووری عێراق و بەشێوەیەکی یاسایی بۆتە هەرێمێکی فیدراڵ و لەلایەن عێراق و وڵاتانی دەرەوە دانی پێدا هێنراوە و بەدەیان کۆنسوڵخانە لەهەولێری پایتەختی کوردستان کراوەتەوە و هەمووش ڕێز لە حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دەگرن . دەسکەوتی باشووری کوردستان لەمێژووی کوردستاندا مەزنترین و بەبەهاترین دەسکەوتە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان ، بەڵام پەکەکە بەهۆی بریار و ڕەفتارەکانیاوە بۆتە جێگای نیگەرانی ، پەکەکە یەکێتی وڵاتانی تورکیا و سووریا و ئێران دەخوازێ بەڵام ڕێز لە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ناگرێ . ساڵانێکە پەکەکە لەکوردستان سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان جێبەجێ دەکات لەنانەوەی ئاژاوە و بارگرژی و هێرشکردنە سەر پێشمەرگە ، بەوەش زەمینە بۆ دەستێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان ( تورکیا و ئێران ) دەڕەخسێنێ . بۆ هێوركردنەوەو ئاسایی كردنەوەی شنگال ، ڕێکەوتنێک لەنێوان حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ واژوو کراوە ، بەوەی پێویستە هێزەکانی بیانی لەشنگال بچنە دەرەوە و خەڵکی شنگال خۆیان حوکمی خۆیان بکەن و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ، بەڵام پەکەکە هەرزوو ناڕازی خۆی بەرامبەر ئەو ڕێکەوتنە ئاشکرا کردوە ، ئەوان بەشێکن لە حەشدی شەعبی و نایانەوێ لەشنگال بچنە دەرەوە . هێرشەکەی پەکەکە لەدەڤەری چەمەنکێ بۆ سەر پێشمەرگەکانی کوردستان ، هێرشکردنە بۆسەر دامودەزگا حکوومیەکانی کوردستان و زیان بەسەروەری خاکی کوردستان دەگەیەنێ ، پەکەکە دەخوازێ شنگال و مەخموور و قەندیل بکات بەبنکەی لەشکری خۆی و لەو ڕێگایەوە هێزی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ناو کوردستان ڕابکێشێ ، ئاشکرایە کە حەشدی شەعبی درووستکراوی دەستی ئێرانە و بەوپێیەش هیچ کام لە پەکەکە و حەشدی شەعبی شەرعەتیان لە هەرێمی کوردستاندا نیە . لەپێناو ئارامی ڕەوشی باشووری کوردستان ، دەبێ پەکەکە کریار و ڕەفتارەکانی خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان ڕابگرێ و ڕێز لەیاسا و سەروەری هەرێمی کوردستان بگرێ . ئێمە وەک فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید کریار و هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر باشووری کوردستان بە بەرژەوەندی کوردستانی نازانین و هەموو جۆرە هێرشێک دژ بە باشووری کوردستان و شەرمەزار دەکەین . داوا لەهەموو ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە دەکەین کە دژ بە سیاسەتی هێرشبردنە سەر باشووری کوردستان بوەستن و نەهێڵن شەڕی ناوخۆیی و خەونی دوژمنان بێنەدی . ئێمە پاراستن و پێشکەوتنی باشووری کوردستان بەگرنگ دادەنێین و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هێز و لایەنە کوردستانیەکان یەکڕیز و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و دانوستاندن و زمانی دیالۆگیش ببێتە ڕێگاچارەسەری کێشە و گرفتەکان .     فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید