|
وەزیری دیمۆكراسی لە سوێد كتێبخانەی كوردیی كردەوە |
|
2011-03-02 13:00 |
fkks |
info@fkks.se |
|
لە 23-ی شوباتی 2011 ـدا وەزیری دیمۆكراسی و كاروباری یەكێتیی ئەوروپا خاتوو "برگیتا ئۆلسۆن" كتێبخانەی كوردیی لە باڵاخانه نوێکه‌یدا كردەوە. سێ ساڵێک ده‌بوو كتێبخانەی كوردی لە خانوویەكی دەرەوەی شارەوانیی ستۆكھۆلمدا بە شێوەیەكی كاتی جێگیر بووبوو، به‌ڵام ئیتر خانوویەكی شارەوانیی بۆ ته‌رخان کراوه كورد باشی شاره‌زان. یەكێتیی ژنانی كوردستان لە سوێد، كۆمكار، كۆمجوان، مەدیاكورد، كلینیكی دوكتۆر جوان حەقی و نووسینگەی ڕۆنی بۆ وەرگێڕان له‌و باڵاخانه‌یه‌دایه، ئه‌گه‌رچی کوردێکی زۆر به "بارەگای ڕۆژنامەی ئارمانج"ـی دەزانن.
وەزیری دیمۆكراسی برگیتا ئۆلسۆن به بۆنه‌ی سه‌رله‌نوێ کردنه‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌وه وتارێکی دادا و لێیدا كتێبخانەی كوردی به ھێمایەكی بەرچاوی ناسنامەی كوردی و كۆمەڵگای فرەكولتووری سوێد و ناوەندێكی گرنگی منداڵ و لاوانی كورد دانا و گوتی كتێبخانه‌ی کوردی جێگایەكی نموونەییی یەكترناسینی كولتووری سوێدی و كوردییه. خاتوو برگیتا پشتگیریی سوێدی بۆ کتێب و کتێبخانه‌ی کوردی خسته ڕوو، سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به‌و دروشمه کوردییه دا که ده‌ڵێت " کورد چیا نه‌بێت هیچ دۆستێکی نییه"، به‌ڵام دوایی هاته سه‌ر مه‌به‌ست و گوتی "ئێمە ھەموومان كە لێرە ئامادەین دۆستی كوردین". وه‌زیری دێمۆکراسی هه‌ر به‌مه‌وه نه‌وه‌ستا به‌ڵکه قسەكانی خۆی به "بژی كوردستان!" کۆتا هێنا.
دیاره له‌م بۆنه‌یه‌دا ژمارەیەكی زۆری بەرپرس و نوێنه‌ری دەستگا ڕۆشنبیریەكانی سوێد و بەرپرس و نوێنەری ڕێكخراوە كۆمەڵایەتی و سیاسەكانی كورد لە سوێد بەشدار بوون. سەرۆكی كۆمەڵەی كتێبخانەكانی سوێد "ئینگا لوندێن" که نۆره‌ی ئاخاوتنی هات گوتی: "به‌لای منه‌وه ئەم كتێبخانەیە كتێبخانەی نەتەوەیی كوردە، چونكە كارەكانی خۆی به ڕاستی وەك كتێبخانەیەكی نەتەوەیی ئەنجام دەدات و کتێبخانه‌ی وا لە جیھاندا نییە".
ئەندامی كۆمیسونی ڕۆشنبیری لە ستۆكھۆلم "راسموس یۆندلوند"ـیش گوتی جێگیربوونی كتێبخانەی كوردی لە "ئالڤیك" ڕەوشی فرەكولتووریی شاری ستۆكھۆلم دەوڵەمەند دەكات و ژیانی ڕۆشنبیریی كورد بەھێزتر دەكات.
سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەلە كوردستانییەكان لە سوێد خاتوو "شەرمین بۆزئارسلان" لە وتاری خۆیدا ڕۆلی كتێبخانەی كوردیی وەك دەزگایەكی نەتەوەیی جه‌خت کرد و بانگی بۆ كورد برد خۆ بە خاوەنی ئەم دەزگایە بزانن و بۆ پاراستن و بەھێزكردنی ئەم میراتە گەورەیه درێغی نه‌که‌ن.
بەڕێوەبەری كتێبخانە "نەوزاد ھرۆری" گوتی لە 2-ی مانگی ئاداردا چوار ساڵ بەسەر کۆچی دواییی دامەزرێنەری كتێبخانەی كوردی "نەدیم داگدەڤیرەن"ـدا تێ دەپەڕێت که ئەم كتێبخانه‌یه‌ی بە 2500 كتێب دەست پێ كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ژمارەی كتێبەكان 12000 ـی تێ په‌ڕاندووه، که پێی وایه گه‌نجینه‌یه‌که كورد به گشتی ده‌توانێت که‌ڵکی لێ هه‌ڵبکڕێنێت و منداڵی کوردیش به تایبه‌تی سوود لە خزمەتەكانی ببینێت. نه‌وزاد هرۆری ڕووی ده‌می له سوێدییه‌کان کرد و گوتی بەھێزكردن و پاراستنی ئەم كتێبخانەیە نیشانەی ئاستی به‌رزی دیمۆكراسی و ئازادیی ڕادەربڕینە لە سوێد.
سەرۆكی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی كتێبخانەی كوردی و سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتیی سوێدی-كوردی خاتوو "ئان موڕای" خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداربوونی نوێنەرانی دەستگا ڕۆشنبیرییەكان و ڕێكخراوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كتێبخانه‌که‌دا دەربڕی و سوپاسی ھەموو ئەو كەس و لایەنانەی کرد كە یارمەتیی كتێبخانەیان داوه و له‌م بواره‌دا درێژا به کاره‌کانیان ده‌ده‌ن، گوتیشی كتێبخانەی كوردی نێونەتەوەیییە چونكە بەرھەكانی ڕوویان له هه‌موو دنیا ناوه.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا كۆمجوان – كۆمەڵەی جەوانان و منداڵانی كورد لە سوێد – ھەڵپەڕكێیەكی گەرموگوڕی پێ به پێی ده‌نگ و ئاوازی ده‌ھۆل و زوڕنا پێشكەشی ئامادەبووان كرد و سێ خانمی كورد خوانێکی به‌تامی کوردی‌یان ڕازانده‌وه و میوانه‌کانیان پێ ته‌سه‌ل کرد و لێیشی مایه‌وه. به ئاماده‌بوونی هه‌ردوو کۆمیدیه‌نی کوردیش؛ "ئوز نوژەن" و "سۆران ئیسماعیل" مەراسیمەكە ڕه‌نگێکی گه‌ش و ڕوویه‌کی خۆشی لێ نیشت.
تێبینی:
فۆتۆ: ھۆگر ھرۆری
كتێبخانەی كوردی لە ستۆكھۆلم
www.kurdlib.org
|
|