|
دژایەتی و بێڕێزیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و کوردستان |
|
2021-01-27 19:00 |
فیدراسیۆنی كۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید |
info@fkks.se |
|
دژایەتی و بێڕێزیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و کوردستان
لەچەند ڕۆژی ڕابوردوودا خەڵکی کوردستان شاهیدی چەندین جۆری بێڕێزی و دژایەتیکردنی میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بوو ، ئەوەی ئێمە دەزانین کە بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمجۆرە فیلمانە هەرگیز بڵاو ناکرێنەوە ، ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی خۆی بە دۆست و هاوپەیمانی کورد و بە تایبەتی بۆ حکوومەتی فیدراڵی باشووری کوردستان ناساندوە .
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دکتۆر فەریبوورز عەزیزی بانگهێشتی بەرنامەیەکی زیندووی کەناڵی 2 ی کۆماری ئیسلامی دەکرێت ، بەرپرسی کەناڵەکە لە دکتۆت فەریبورز دەپرسێ ... ئەو جلانە چیە لەبەرت کردوون کە لەبەرگی شوان دەچێت ..!!؟؟؟
دکتۆر فەریبورز ئەزیزی لەوەڵامدا و بەشێوەیەکی هێمنانە پێی دەڵێ : ئەو جلوبەرگە هێمای کاوەی ئاسنگەرە و هێمای ئازادی و ڕزگاریە .
مەبەست لەو پرسیارەی بەرپرسی تیڤی 2 ی کۆماری ئیسلامی سووكایەتیکردن بوو بە جلی کوردی و بە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ئازاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا . هەربۆیە لە دژی هەڵوێستی TV2 ی ئێران ، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخۆپێشاندان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و تا ئێستاش زیاتر لە 75 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیرکراون.
دوابەدوای ئەو بێڕیزیە ، کۆماری ئیسلامی ئێران لەکورتە فیلمێکدا تێکشکاندنی داعش و ڕزگارکردنی هەولێر دەکات بەدەسکەوتێکی قاسمی سلێمانی ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بێڕیزیەکی تری کۆماری ئیسلامیە بەرامبەر بە پێشمەرگە وهێما و سیمبولەکانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ، هەموو جیهان شاهیدی قارەمانیەتی شەڕ و بەڕەنگارییەكانی پێشمەرگە نەبەردەکانی کوردستانن . پێشمەرگە بەبەرچاوی جیهانەوە تیرۆرستانی داعشیان تێکشکاند و لەو شەڕەشدا دوو هەزار پێشمەرگە شەهید بوون و 12 هەزار پێشمەرگەش بریندار بوون .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید بە توندی ئیدانەی کردەوەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەکات و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە ئەمڕۆ لەهەموو ڕۆژان زیاتر بە جلوبەرگی کوردی دەرکەون و ڕێز لە پێشمەرگە و بەها پیرۆزەکان بگرن .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید داوا لە هێزە دیموکراتخوازەکان و ئاشتیخوازەکانی جیهان دەکات کە پشتگیری لە گەلی کوردستان بکەن و لەڕژێمە زۆردار و داگیرکەرەکاندا بیپارێزن .
فیدراسیۆنی كۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید
سوید
2021-01-26 |
|