|
کچە تێكۆشه‌ری كوردستان ، له‌یـلا قاســم (1952- 1974 ) |
|
2021-05-12 10:00 |
فیدراسیۆنی كۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید |
info@fkks.se |
|
کچە تێكۆشه‌ری كوردستان ، له‌یـلا قاســم (1952- 1974 )
كچه تێكۆشه‌ری كوردستان له‌یلا قاسم لە ساڵی 1952 له گوندی بانمیل‌ی سه‌ر به شاری خانه‌قین له خێزانێكی هه‌ژار و نیشتمانپه‌روه‌ری كورد له‌دایك بووه
له‌یلا لە ساڵی 1970 له ڕێگای سه‌لام قاسمی برا گه‌وره‌كه‌یه‌وه له‌نێو ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان خه‌بات و تێكۆشان دەکات .
له ئاداری 1974 دا دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و هێرشكردنه‌وه‌ی ڕژێمی عێراق بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان ، دەستیکرد بە ڕاوه‌دوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی كورد . هه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌زاران كه‌سیش له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ بۆ به‌رگریكردن له مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ڕوویان له شاخه‌كان كرد و چه‌كی پێشمه‌رگه‌یاتیان هه‌ڵگرت . له‌و كاته‌دا له‌یلا قاسم و جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی و نه‌ریمان فوئاد و هه‌ندێك له هاوڕێكانی تریان بریاریاندا خەبات و تێکۆشان لەنێو شاری بەغدا بکەن و ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریشیان لەنێو زانکۆ‌دا بینی . ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی ڕژێمی به‌عسی عێراق به‌رده‌وام و زۆر به‌توندی چاودێری یه‌ك به یه‌كی تاكه‌كانی كوردیان ده‌كرد . بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد له ڕۆژی 1974.04.28دا له‌یلا قاسم و چوار له هاوڕێكانی ( جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی ، نه‌ریمان فوئاد مه‌ستی ، حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شید و ئازاد سلێمان میران ) له ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی هێزه‌كانی ئاسایش و سه‌ربازی ڕژێم له به‌غدا ده‌ستگیركران .
له‌یلا قاسم كچێكی چاونه‌ترس و زیره‌ك بوو ، لەزینداندا بە ده‌زگای هه‌واڵگری به‌عسی وتبوو : (( به كوشتنی من هه‌زاران كورد له خه‌وی نه‌زانی وشیار ده‌بنه‌وه زۆر خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزم كه گیانم فیدای ڕێگای ڕزگاری کورد و كوردستان ده‌كه‌م )) ..
ڕژێمی به‌عسی عێراق به مه‌به‌ستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یه‌كسه‌ر دوای ده‌ستگیركردنیان لە كاتژمێر 7 ی سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی 1974.05.12 له‌یلا قاسم و هه‌ر چوار هاوڕێكه‌ی له‌سێداره‌دران . سه‌لام قاسمی برای له‌یلا قاسم به ماوه‌یه‌ك دوای له‌سێداره‌دانی له‌یلا هه‌ر له به‌غدا له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه شه‌هیدكرا..
هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم به سه‌رتاپای كوردستاندا بڵاوبوه وە . هه‌روه‌ها هه‌ندێك له چاپه‌مه‌نیه‌كانی ئه‌وساكه‌ی جیهان هه‌واڵی له سێداره‌دانی له‌یلا قاسمیان وه‌ك له‌سێداره‌دانی یه‌كه‌م ژن له مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆته‌وه. بێگومان له‌سێداره‌دانی كچه كوردێك به‌ده‌ستی ڕژێمی داگیركه‌ری بەعس ، بوو بەهۆی ئەوەی کە هه‌زاران لاوی كورد په‌یوه‌ست بن به دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌یان و ڕوو له چیاكانی کوردستان بكه‌ن .
له‌یلایه‌ك له سێداره درا ، به‌ڵام هه‌زاران له‌یلا له‌دایكبوون . دوای له‌یلا قاسم له سه‌رتاپای كوردستان هه‌زاران منداڵی كورد به ناوی له‌یلاوه ناونران . له‌یلا قاسم بوو به چیرۆك و داستان و هه‌ڵبه‌ستی شاعیرانی گه‌وره‌ی كورد و هێمای خەبات و قوربانیدان لەپێناو خاک و گەلەکەیدا .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان
سوید |
|