Skip Navigation Links
Kurmancî
سۆرانی
Svenska
Skip Navigation Links
دەستپێك
ف ک ک س
هه‌واڵ
ڤئدیۆ - فۆتۆ
کۆمه‌ ڵه‌کانی ئه‌ندام
پێوەندی
لینک
ئه‌رشیڤ
Skip Navigation Links
 
دەستووری فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان له‌ سوید
FKKS
info@fkks.se
دەستووری
فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان

به‌ندی 1 : ناوی فیدراسیۆن :
ده‌قی ناوه‌که‌ی ( فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان له‌ سوید ) .
به‌ زمانی سویدی ده‌بێته‌ Kurdiska Riksförbundet

به‌ندی 2 : شوێنی کارو خه‌باتی فیدراسیۆن
شوێنی کارو خه‌باتی فیدراسیۆن له‌ وڵاتی سویده‌ و ناوه‌نده‌که‌ی له‌ ستۆکهۆڵمه‌ .

به‌ندی 3 : سروشتی فیدراسیۆن
فیدراسیۆن ڕێکخراوێکی دیموکراتییه‌ ، سه‌ر به‌ هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی و ئایینی نییه‌ و له‌ کۆمه‌ڵه‌کانی سوید پێکهاتووه‌ .

به‌ندی 4 : ئامانجه‌کانی فیدراسیۆن
1- کار ده‌کات بۆ زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی ، ناسنامه‌ و کلتوورله‌ سوید .
2- کار ده‌کات بۆ زمانی دایک تا ووتنه‌وه‌ی زمانی کوردی ببێته‌به‌شێک له‌ سیسته‌می خوێندنی سوید .
3- کار ده‌کات بۆ فره‌ کلتووری وبه‌ پێی په‌یمانه‌ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و پرینسیپه‌ جیهانییه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤ .
4- کار ده‌کات بۆ فره‌لایه‌نی ، به‌شداری کردن ، گونجاندن ، یه‌کسانی و دیموکراتی
5- بۆ دابین کردنی شوێن وجێی پێویست بۆکۆبوونه‌وه‌ و ژیانی ساڵمه‌زنان وهه‌روه‌ها دابین کردنی فه‌رمانبه‌ری کورد بۆیان .
6- کارکردن بۆ وه‌ک یه‌کی ، ماف وئه‌رک و یه‌کسانی .
7- دژی جیاوازبینی ، دوژمنایه‌تی و راسیست خه‌بات ده‌کات .
8 - یارمه‌تی په‌نابه‌رانی کورد ده‌دات و زانیاریان ده‌رباره‌ی ئه‌رک و مافه‌کانیان ده‌داتێ ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی ڕاست له‌ کۆمه‌ڵگای تازه‌ بگرنه‌ به‌ر .
9- کارده‌کات بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر کورد ، کوردستان و پرسی کورد .
10- خه‌بات ده‌کات له‌ پێناو پشتیوانکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی سویدی بۆمافی کوردو چاره‌سه‌رکردنی
پرسی کورد .
11- دژی تاوانکردن و ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌کان خه‌بات ده‌کات .
12- کارده‌کات بۆ مافی منداڵ و په‌یوه‌ندی نێوان خێزان .
13- سه‌باره‌ت به‌ مافی په‌نابه‌ران و بیانییان ، به‌ پێی په‌یمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و پرینسیپه‌ جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤ کارده‌کات .

به‌ندی 5 : جێبه‌جێکردنی ئامانجه‌کانی فیدراسیۆن
1- په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا ڕه‌سمییه‌کان و ڕێکخراوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌کات.
2- هه‌وڵ ده‌دات له‌دێبات وکۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌کان به‌شداری بکات .
3- هاوکاری کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام ده‌کات و بۆ په‌روه‌رده‌کردنیان پڕۆژه‌ ئاماده‌ ده‌کات
4- له‌ ماڵپه‌ڕی فیدراسیۆن وماڵپه‌ڕی به‌ربانگ به‌زمانی کوردی وسویدی زانیاری بڵاوده‌کاته‌وه‌ .
5- دروستکردنی چه‌ند کۆمیته‌یه‌کی کار بۆ به‌جێهێنانی کاره‌کانی فیدراسیۆن .
6- ڕێکخستن وبه‌شداریکردن له‌ کۆنفرانس ، دێبات وسیمینار .
7- هه‌وڵ ده‌دات بۆ چاوپێکه‌وتن و دانوستان له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرس و سیاسه‌تمه‌دار 8- بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندجۆر له‌ ڕاگه‌یاندن وداخویانی .
به‌ندی 6 : ئه‌ندامه‌تی
ئه‌ندامه‌تی کۆمه‌ڵه‌کان .
1- هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کورد که‌ له‌ شاره‌وانییه‌کدا دامه‌زرابێت و له‌ شاره‌وانی خۆی ناونوسکرابێت و خاوه‌نی په‌یره‌ووپرۆگرامی ناوخۆی بێ و که‌مترین 15 ئه‌ندامی هه‌بێت وه‌ په‌یره‌ووپرۆگرامی فیدراسیۆن په‌سند بکات ، ده‌توانێ ببێت به‌ ئه‌ندامی فیدراسیۆن .
2- کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که‌ بخوازێت ببێته‌ ئه‌ندامی فیدراسیۆن ، ده‌بێ داوای خۆی به‌ نوسراو ڕابگه‌یه‌نێت وپه‌یره‌ووپرۆگرامی ناوخۆی ولیستی ئه‌ندامان وپرۆتۆکۆڵی کۆنگره‌که‌ی له‌گه‌ڵ داواکارییه‌که‌ی ئاراسته‌ی فیدراسیۆن بکات .
3- له‌ دوای داواکارییه‌که‌ له‌ ماوه‌ی مانگێک کۆمیته‌ بریاری به‌ ئه‌ندامبوونی کۆمه‌ڵه‌که‌ ئه‌دات ، وه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی که‌ داوای ئه‌ندامه‌تی قبوڵ نه‌کرێ ده‌توانێ سکاڵای خۆی به‌ ڕێگه‌ی کۆمیته‌ی گشتییه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن . هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که‌ بیه‌وێ ببێ به‌ ئه‌ندام له‌ فیدراسیۆن ، ده‌بێت 3 مانگ به‌سه‌ر دروست بوونی کۆمه‌ڵه‌که‌ تێپه‌ڕی بێت .
4- کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ندام نابێت له‌ هه‌مان کاتدا ببێت به‌ ئه‌ندام له‌ فیدراسیۆنێکی تردا .
5- فیدراسیۆن جیا له‌ شاره‌وانی ستۆکهۆڵم ، له‌ هه‌ر شاره‌وانییه‌کدا ته‌نها یه‌ک کۆمه‌ڵه‌ به‌ ئه‌ندام وه‌رده‌گرێت . ئه‌گه‌ر له‌ شاره‌وانییه‌که‌دا دوو کۆمه‌ڵه‌ هه‌بێ و پێویست بێ به‌ ئه‌ندام وه‌رگیرێن کۆمیته‌ی کارگێڕ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات و به‌ گوێره‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ یه‌ کۆمیته‌ی گشتی بریار وه‌رده‌گرێ .
6- هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بێ له‌ شاره‌وانی خۆیدا ئه‌ندام وه‌رگرێ یان له‌ شاره‌وانییه‌کی نزیکی خۆی که‌ کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تێدا نه‌بێت .
7- کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندامی فیدراسیۆن ناتوانن له‌ شاره‌وانییه‌ک ئه‌ندام وه‌رگرن که‌ ئه‌و شاره‌وانییه بۆخۆی کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌ فیدراسیۆنی تێدابێ .
8- هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کی پیشه‌یی یان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی چالاک یان کۆمه‌ڵه‌کانی وه‌کو ژنان ، ساڵمه‌زنان ، لاوان وکه‌مئه‌ندامان ، ده‌توانێ داوای ئه‌ندامه‌تی له‌ فیدراسیۆن بکەن . وه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک مافی ناردنی 3 نوێنه‌ریان بۆ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن ده‌بێت . یه‌کێتی لاوان ، ژنان ،کۆمه‌ڵه‌ی که‌مئه‌ندامان وساڵمه‌زنان هه‌موو ئه‌ندامانی سەرەکیان به‌شداری ده‌که‌ن له‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆندا . فیدراسیۆن یه‌ک کۆمه‌ڵه‌ به‌ ئه‌ندام وه‌رده‌گرێ له‌ هه‌ر شاره‌وانییه‌کدا ، به‌ڵام شاره‌وانی ستۆکهۆڵم ناگرێته‌وه‌ .
9- کۆمه‌ڵه‌کان له‌ خه‌باتی خۆیاندا سه‌ربه‌ستن ، به‌ مه‌رجێک کاره‌کانیان دژی په‌یره‌وو پرۆگرامی فیدراسیۆن نه‌ بێت .
10- کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام ده‌توانن به‌ پێی پرینسیپی یه‌کسان که‌ڵک له‌ توانای فیدراسیۆن وه‌ربگرن .
11- ئه‌ندامه‌تی 5 کرۆنه‌ هه‌ر ئه‌ندامێک. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک له‌ کاتی خۆیدا ئه‌ندامه‌تی ئه‌ندامانی نه ناردبێ ، ناتوانێ نوێنه‌ر بۆ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن ڕه‌وانه‌ بکات .
12- کۆمه‌ڵه‌کان ده‌بێ به‌ لایه‌نی که‌م مانگێک به‌ر له‌ به‌ستنی کۆنگره‌ی فیدراسیۆن کۆنگره‌ی خۆیان ببه‌ستن و ڕاپۆرتی خه‌بات و ناوی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی کارگێڕو نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراویان بۆ به‌ شداری کردن له‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن بنێرن ، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵه‌کان ده‌بێ 15 ڕۆژ به‌رله‌به‌ستنی کۆنگره‌که‌دا ، فیدراسیۆن ئاگادار بکه‌ن تا نوێنه‌ری فیدراسیۆن به‌شداری له‌ کۆنگره‌که‌یان بکات .

به‌ندی 7 : له‌ ئه‌ندامه‌تی که‌وتن
1- کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندامی فیدراسیۆن ته‌نها به‌ پێی بریاری کۆنگره‌ی خۆیان ده‌توانن خۆیان له‌ ئه‌ندامه‌تی فیدراسیۆن بکێشنه‌وه‌ ، بریارەکەش بە نووسین دەنێردرێت بۆ فیدراسیۆن .
2- هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که‌ خۆی له‌ ئه‌ندامه‌تی فیدراسیۆن ده‌کشێنێته‌وه ‌، له‌ ئه‌ندامه‌تی فیدراسیۆن ده‌که‌وێ و ناتوانێ داخوازی هیچ شتێک له‌ فیدراسیۆن بکات .

به‌ندی 8 : له‌ ئه‌ندامه‌تی ده‌رکردن
1- ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌ندامی فیدراسیۆن ئه‌رکی خۆی به‌جێ نه‌هێنێ یان له‌ کاره‌کانی دا دژی په‌یره‌ووپرۆگرامی فیدراسیۆن بجوڵێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر کۆمیته‌ی کارگێڕه‌ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکات و ڕاپۆرتێک پێشکه‌ش به‌ کۆمیته‌ی گشتی بکات ، ئه‌گه‌ر کۆمیته‌ی گشتی به‌ پێویستی زانی :
- ئاگاداری ده‌کاته‌وه‌ .
- ئه‌ندامه‌تییه‌که‌ هه‌ڵده‌په‌سێردرێت .
2- ته‌نها کۆنگره‌ی فیدراسیۆن مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵه‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامه‌تی فیدراسیۆن ده‌ربکات .

به‌ندی 9 : ئۆرگانه‌کانی فیدراسیۆن
1- کۆنگره‌ی فیدراسیۆن .
2- کۆمیته‌ی گشتی .
3- کۆمیته‌ی کارگێڕ .
4- کۆمیته‌ی ڕێڤیسۆر.
5- کۆمیته‌ی ڕاوێژ .

به‌ندی 10 : کۆنگره‌ی فیدراسیۆن
1- کۆنگره‌ ئۆرگانی هه‌ره‌به‌رزی فیدراسیۆنه‌ ، هه‌ر دووساڵ جارێک له‌ مانگی 5 ده‌به‌سترێت . بۆ ئه‌وه‌ی کۆنگره‌که‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی له‌ خۆ بگرێ ، پێویسته‌ له‌ نیوه‌ی زیاتری یان له‌ سه‌دا 51 ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ ئاماده‌ بن . ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌ندامان له‌وه‌ که‌متر بن ئه‌وه‌ پێویسته‌ بۆ مانگێکی تر دوا بخرێت .
2- کۆمیته‌ی کارگێڕ ده‌بێ دوو مانگ به‌ر له‌ به‌ستنی کۆنگره‌ کۆمه‌ڵه‌کانی ئاگادار بکاته‌وه‌ .
3- ده‌بێ هەفتەیەک به‌ر له‌ به‌ستنی کۆنگره‌ ڕاپۆرتی کارو خه‌بات ودارایی کۆمیته‌کانی کاری ، بۆ کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام بنێررێت .
4- له‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆندا ئه‌ندامانی ( سەرەکی ) کۆمیته‌ی گشتی ، کۆمیته‌ی کارگێڕ ، کۆمیته‌ی ڕاوێژوکۆمیته‌ی ڕڤیسۆر نوێنه‌ر ده‌بن له‌ کۆنگره‌دا . ئه‌ندامانی جێگری کۆمیته‌ی گشتی و کارگێڕ مافی ده‌گدانیان نییه‌ .
5- نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی فیدراسیۆن به‌ پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی به‌شداری کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی کۆمه‌ڵه‌کان هه‌ڵده‌بژێررێن . هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که‌ 15 ئه‌ندامی هه‌بێت ، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ 2 نوێنه‌ر هه‌ڵبژێرێ ، له‌دوای ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ر 20 ئه‌ندام یه‌ک نوێنه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێ .
6- کۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌یی بۆی هه‌یه‌ 3 نوێنه‌ر بنێررێ ، کۆمه‌ڵه‌ی ساڵمه‌زنان ، که‌مئه‌ندامان ،لاوان و ژنان ده‌توانن هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی کارگێڕیان بنێرن
7- ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن کۆنگره‌ی فیدراسیۆنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامه‌تی ئۆرگانه‌کانی فیدراسیۆن هه‌ڵده‌بژێردرێن ، ده‌بێ تا کۆنگره‌ی داهاتوو ئه‌رکی خۆیان به‌جێ بێنن . ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که‌ ئه‌وان ئه‌ندامن تیایدا ،له‌ ئه‌ندامه‌تی فیدراسیۆن بکه‌وێت یا له‌ فیدراسیۆن ده‌ربکرێت ،یان بیه‌وێ ئه‌ندامی خۆی له‌ ئۆرگانی فیدراسیۆن بکشێنێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ خۆی نه‌یه‌وێت ده‌رچێت ئه‌واله‌سه‌ر ئه‌رکی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ .
8- کۆنگره‌ ده‌توانێ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندام بۆ ئۆرگانه‌کانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی نوێنه‌ران ، له‌ ناو ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌کانیدا ئه‌ندام هه‌ڵبژێرێت .
9- له‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆندا ، وه‌رگرتنی بریار به‌ پێی زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌شداران په‌سند ده‌کرێ ، بێجگه‌ له‌ به‌نده‌کانی 17 و 23 .
10 - کۆمەڵەکانی ئەندام و نوێنەرانی کۆنگرە بەر لەیەک مانگ پێشنیارەکانیان بۆ گۆڕینی دەستوور ، دەنێرن بۆ کۆمیتەی گشتی ، تاوەکو لەگەڵ پێشنیارەکانی تر لە کۆنگرەدا بخرێنە دەنگدانەوە .
به‌ندی 11 : کۆمیته‌ی گشتی
1- کۆمیته‌ی گشتی له‌ 12 ئه‌ندامی سەرەکی و3 جێگر پێکدێت ، که‌ له‌کۆنگره‌ی فیدراسیۆن هه‌ڵده‌بژێررێن . کۆمیته‌ی کارگێڕ له‌ 9 ئه‌ندامی سەرەکی و 2 جێگر پێکدێت . هه‌ریه‌که‌ له‌ ئه‌ندامانی کارگێڕ ده‌بێ کۆمیته‌یه‌کی کار پێکبێنن .
2- کۆمیته‌ی گشتی هه‌ره‌ ئۆرگانی به‌رزن له‌ نێوان دوو کۆنگره‌ی فیدراسیۆندا .
3- کۆمیته‌ی گشتی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌می خۆیدا ، سه‌رۆکی فیدراسیۆن هه‌ڵده‌بژێرێ .
4- کۆمیته‌ی گشتی هه‌ر سێ مانگ جارێک کۆده‌بێته‌وه‌ وپلانی خه‌بات ، ڕاپۆرتی کۆمیته‌کانی کار هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و بریاریان له‌سه‌ر ده‌دات .
5- کۆمیته‌ی گشتی ده‌توانێ ئه‌و سزایانه‌ی خواره‌وه‌ بداته‌ ئه‌ندامی خۆی :
- ئاگادارکردنه‌وه‌
- هه‌ڵپه‌ساردن
ئه‌ندامی سزادراو مافی هه‌یه‌ ناڕازی بوونی خۆی بخاته‌ به‌رچاوی نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی فیدراسیۆن و به‌رگری له‌ مافی خۆی بکات .
6- ئه‌و 12 ئه‌ندامی سەرەکی و3 جێگره‌ له‌ کۆمیته‌ی گشتی و ‌9 ئه‌ندامی سەرەکی و 2 جێگر له‌ کۆمیته‌ی کارگێڕ‌ ، له ‌کۆنگره‌ی فیدراسیۆن به‌ جودا هه‌ڵده‌بژێررێن .
7- بریاره‌کانی کۆمیته‌ی گشتی له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی کارگێڕه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێن .
8- کۆمیته‌ی گشتی به‌رپرسیاره‌ به‌رانبه‌ر به‌ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن .
9- ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی گشتی هه‌ڵپه‌سێردرا ، جێگری یه‌که‌م جێی ده‌گرێته‌وه‌ . جێگره‌کان بۆیان هه‌یه‌ به‌شداری بکه‌ن له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی گشتی ، به‌ڵام مافی ده‌نگدانیان نییه‌ .
10- کۆمیته‌ی گشتی له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ی کارگێڕ ده‌توانن هه‌موو ئه‌ندامان کۆبکه‌نه‌وه‌و بریاری کۆبوونه‌وه‌ بده‌ن .
11- نوێنه‌ری کۆمیته‌ی گشتی به‌شداری ده‌کات له‌ کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام .
12- ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی گشتی به‌بێ هۆیه‌کی په‌سند له‌ دوو کۆبوونه‌وه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌کی کۆمیته‌که‌یدا به‌شداری نه‌کات ، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامه‌تی ده‌که‌وێت .
13- جێگر جێگه‌ی ئه ندامی ئه‌سڵی ده‌گرێته‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌ی نه‌کرد .

به‌ندی 12: کۆمیته‌ی کارگێڕ
1- کۆمیته‌ی کارگێڕ له‌ 9 ئه‌ندامی سەرەکی و 2 جێگر پێکدێت ، جێگره‌کان ئه‌توانن له‌ کۆمیته‌کانی کاردا به‌شداری بکه‌ن ، به‌ڵام هیچ به‌رپرسیارییه‌ک ومافی ده‌نگدانیان نییه‌ .
2- کۆمیته‌ی کارگێڕ به‌رپرسیاری جێبه‌جێکردنی بریاره‌کانی کۆنگره‌و بریاره‌کانی کۆمیته‌ی گشتی و خه‌باتی فیدراسیۆنه‌ .
3- کۆمیته‌ی کارگێڕ له‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا ، سکرتێری فیدراسیۆن ، به‌رپرسی دارایی و به‌رپرسی کۆمیته‌کانی کار هه‌ڵده‌بژێرێ و کۆمیته‌کانی کار پێکدێنێت .
4- کۆمیته‌ی کارگێڕ به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ مانگی جارێک کۆده‌بێته‌وه‌ . سه‌رۆکی فیدراسیۆن کۆمیته‌ی کارگێڕ بانگی کۆبوونه‌وه‌ ده‌کات . ئه‌گه‌ردوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی کارگێڕ به‌ پێویست بزانن ، بۆیان هه‌یه‌ کۆمیته‌ی کارگێڕ بانگی کۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی بکه‌ن .
5- کۆمیته‌ی کارگێڕ ڕاپۆرتی خه‌بات پێشکه‌ش به‌ کۆبوونه‌وه‌ ده‌کات .
6- کۆمیته‌ی کارگێڕ چه‌ند کۆمیته‌یه‌کی کار پێکدێنن وه‌کو ( کۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌و کۆمیته‌ی په‌نابه‌ران و........ هتد) .
7- ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی کارگێڕبه‌بێ هۆ له‌ 3 کۆبوونه‌وه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌ک به‌شداری نه‌کرد ئه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامه‌تی ده‌که‌وێت و جێگری یه‌که‌م جێگه‌ی ده‌کرێته‌وه‌ .
8- ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی کارگێڕ به‌ هه‌رهۆیه‌که‌وه‌ به‌شداری له‌ سێ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌کی نه‌کرد ، یان دژی په‌یره‌وو پرۆگرامی فیدراسیۆن بجوڵێته‌وه‌ ،ئه‌وکاته‌ کۆمیته‌ی کارگێڕ بریار ده‌دات به‌ ئاگادار کردنه‌وه‌ یان هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ ، ئه‌ندامی جێگر جێی ئه‌و ئه‌ندامه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .

به‌ندی 13 : کۆمیته‌ی ڕێڤیسۆر
1- کۆمیته‌ی ڕێڤیسۆر له‌لایه‌ن کۆنگره‌ی فیدراسیۆنه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ . ئه‌و کۆمیته‌یه‌ له‌ 3 ئه‌ندامی سەرەکی وجێگرێک پێک دێت .
2- کۆمیته‌ی ڕێڤیسۆر کۆنترۆڵی هه‌مووداهات و خه‌رجییه‌کانی فیدراسیۆن ده‌کات .
‌3- کۆمیته‌ له‌ناو خۆیاندا سکرتێرێک هه‌ڵده‌بژێرن .
4- کۆمیته‌ی ڕێڤیسۆر کۆنترۆڵی هه‌موودارایی فیدراسیۆن هه‌ر دووساڵ جارێک ده‌کات . ڕاپۆرتی خۆی ده‌داته‌ فیدراسیۆن .
5- هه‌ر سێ ئه‌ندامی سەرەکی به‌شداری ده‌که‌ن له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی فیدراسیۆن وه‌کو نوێنه‌ر .


به‌ندی 14 : کۆمیته‌ی ڕاوێژ
1- کۆمیته‌ی ڕاوێژ له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی فیدراسیۆندا هه‌ڵده‌بژێ
- ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی کارگێڕ بۆیان نییه‌ به‌شداری بکه‌ن له‌کۆمیته‌ی ڕاوێژدا .
- کۆمیته‌ی ڕاوێژ له‌ 5 ئه‌ندام پێکدێت .
- کۆمیته‌ی ڕاوێژ به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی فیدراسیۆن و کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ ده‌ستده‌ده‌ن بۆفیدراسیۆن به‌ کۆنگره‌ پێشنیاز ده‌کات .
- ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ڕاوێژ به‌شداری ده‌که‌ن له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی فیدراسیۆن وه‌کو نوێنه‌ر .

به‌ندی 15 : کۆنگره‌ی نائاسایی
1- له‌ کاتێکدا کۆنگره‌ی نائاسایی ده‌کرێت ،که‌ کۆمیته‌ی گشتی بریاری له‌سه‌ربدات .
2- کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام ده‌بێ مانگێک به‌ر له‌ پێکهێنانی کۆنگره‌ی نائاسایی ئاگادار بکرێن .کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام ئه‌توانن نوێنه‌ری تازه‌یان هه‌ڵبژێرن .
3- کۆنگره‌ی نائاسایی ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌ ده‌دوێ که‌ بوونه‌ته‌ هۆی پێکهێنانی کۆنگره‌که‌ .
4- کۆنگره‌ی نائاسایی له‌سه‌ر بنچینه‌ی کۆنگره‌ی ئاسایی کاره‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات .

به‌ندی 16 : په‌یڕه‌وو پرۆگرامی (ده‌ستوور) فیدراسیۆن
ته‌نها کۆنگره‌ی فیدراسیۆن مافی گۆڕینی په‌یڕه‌ووپڕۆگرامی فیدراسیۆنی هه‌یه‌ ده‌بێ دوو له‌ سێی ده‌نگی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ پێویسته‌ که‌ له‌ کۆنگره‌دا به‌شدارن .

به‌ندی 17 : ئابووری فیدراسیۆن
1- دراوی فیدراسیۆن له‌کۆنتۆی بانکێک دا داده‌نرێ ، سه‌رۆک و به‌رپرسی ئابوری فیدراسیۆن به‌یه‌که‌وه‌ به‌رپرسیارن له‌و کۆنتۆیه‌ . سه‌رۆک وبه‌رپرسی ئابووری پێکه‌وه‌ ده‌توانن به‌بێ بریاری کۆمیته‌ی کارگێڕ تا 5000 کرۆن له‌و بانکه‌ بۆ کاری فیدراسیۆن بێننه‌ ده‌رێ .
2- داهاتی فیدراسیۆن بریتییه‌ له‌ :
- ئه‌ندامه‌تی ئه‌ندامان .
- یارمه‌تی له‌ لایه‌ن شاره‌وانی و دام وده‌زگاکانی میری .
- یارمه‌تی جۆراوجۆر .

به‌ندی 18 : ئه‌رکی سه‌رۆکی فیدراسیۆن
1- نوێنه‌رایه‌تی فیدراسیۆن ده‌کات .
2- بانگی کۆمیته‌ی کارگێڕ ده‌کات بۆ کۆبوونه‌وه‌.
3- سه‌رۆکایه‌تی کۆبوونه‌وه‌کان ده‌کات .
4- چاودێری چالاکییه‌کانی فیدراسیۆن ده‌کات .
5- بریاره‌کانی کۆمیته‌ی گشتی وکارگێڕ ڕه‌چاو ده‌کات .
6- سه‌رۆکی فیدراسیۆن کارده‌کات له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی کارگێڕ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کان .

به‌ندی 19 : ئه‌رکی سکرتێری فیدراسیۆن
1- له‌کاتی ئاماده‌ نه‌بوونی سه‌رۆکی فیدراسیۆن ، جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌ .
2- پرۆتۆکۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی گشتی و کارگێڕ ده‌نوسێ و ڕاپۆرتی خه‌بات ئاماده‌ ده‌کات و به‌رپرسی ئه‌رشیفی فیدراسیۆنه‌ .

به‌ندی 20 : ئه‌رکی به‌رپرسی ئابووری فیدراسیۆن
1- به‌رپرسیاری داهات وخه‌رجی فیدراسیۆن و ئه‌وکه‌ل وپه‌لانه‌ی که‌ له‌ ناو فیدراسیۆندایه‌ .
2- کۆکردنه‌وه‌ی ئه ندامه‌تی ئه‌ندامان .
3- ڕاپۆرتی ئابوری پێشکه‌ش به‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی فیدراسیۆن ده‌کات .

به‌ندی 21 : ئه‌رکی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن و گۆڤاری فیدراسیۆن
- به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن به‌رپرسیاره‌ له‌ دانانی ده‌سته‌ی نوسه‌ران بۆ گۆڤاری فیدراسیۆن .
- ده‌سته‌ی نوسه‌ران ده‌بێ له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی کارگێڕ په‌سند بکرێ .
- به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن که‌ گۆڤاری فیدراسیۆنیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات ، سه‌رپه‌رشتی کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نوسه‌ران ده‌کات و پرۆتۆکۆڵی کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاماده‌ ده‌کات و خه‌رجییه‌کانی ده‌ستنیشان ده‌کات .
- به‌رپرسیاره‌ له‌و شتانه‌ی که‌ بۆ گۆڤاره‌که‌ ده‌نێردرێ وهه‌روه‌ها به‌رپرسیاره‌تی ئه‌رشیف .
به‌ندی 22 : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فیدراسیۆن
بریاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فیدراسیۆن ته‌نها له‌ کۆنگره‌ی ئاساییدا ده‌درێت . بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فیدراسیۆن چوار له‌ پێنجی ده‌نگی نوێنه‌رانی پێویسته‌ . دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فیدراسیۆن ، هه‌موو که‌ل وپه‌ل ودارایی فیدراسیۆن به‌ پێی بریاری کۆنگره‌ ، ده‌درێت به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌ندام .

19 / 5 / 2012